ئێمە و دایک و باوکمان
Happy family

2024-12-30

 دایک و باوک ئەو کەسانەن کە جوانی و خۆشی و ئیسراحەتی خۆیان خەرجی گەشەکردن و پێگەیشتن و ئارامی ئێمە کرد. تەواوی هەوڵ و ماندوبوونیان بۆ ئەوە بوو ئێمە بەرز ببینەوەو ئارەزوویان بوو ئێمە لە خۆیان چاکتربین.

پێشینان فەرموویانە:

هەموو کەس بە تاقی تەنیا

حەز دەکات بەرزتر بێ لە خەڵکی دونیا

بەڵام حەز دەکات جگەر گۆشەکەی

لە ئەو بانتر بێ ئەقڵ و هۆشەکەی

تاجی زێڕینە ئەقڵی فریاد ڕەس

بەڵام ناچێـتە سەری هەموو کەس

 

باوک و دایکەکانی ئێمە زەحمەتی زۆریان کێشا بۆ ئەوەی ئێمە لە خۆیان بەرزتر ببنەوە.

هەر لە شیرەخۆری و  گاگۆڵکێکردن و نەخۆشین تا بیانووگرتن و پۆشتەیی و پەروەردە، هەر لە پێکهێنانی ماڵ و خێزان تا غەریبی و نەداری و دوریمان لێیان. بەهەر شێوەیە‌ک کە دەیانتوانی یارمەتیانداین بە دڵسۆزی وبە زانیاری وبە شەونخونی و بێداری و بە خوێن وفرمێسک و بەپول و پارە،  ئەوەى هەیانبوو تا ئەوەى نەیانبوو هەموویان فیدای ئێمەکرد گەنجیان بوو بە پیری تا منداڵی ئێمە ببێتە گەنج. خۆیانیان قرچاند تا ئێمەیان پێگەیاند بە دڵسۆزی وبێ  هیچ منەتێک ژیانی خۆیانیان خەرجی پێگەشتن و تێگەیشتنی  ئێمەکرد تا رێگەی ئێمە ڕۆشن و جێگەو پلەو پایەمان بەرزبکەنەوە.

ئێمە پێگەیشتین ئەوان پیربوون سەروەت و ماڵ و سامان کەوتە دەستی ئێمەو ئەوان بێ دەسەڵات کەوتن. تەنانەت ددان و گەدە و بینین و بیستن و وزەشیان ئیتر یارمەتیان نادات، ئومێدیان عەسایەکە کە لە جوانیدا دروستیان کرد تا لە پیریدا شان لەسەری دابنێن، ئومێدیان نەمامێکە لەجوانیدا ناشتیان تا لەپیریدا لەسەمەرو سێبەریدا بحەسێنەوە.

 چ ناخۆشە ئەوعەسا لەکاتی تەنگانەدا بشکێت و باوک ودایکەکە دڵخۆشیەکەیان لەناوچێت! 

چ ناخۆشە ئەو نەمامە داری دڕک بێت و لە دەست و دڵیان بچەقێت!

  -چیرۆکێک دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی دڵتەزێنی ئەم کارەساتە بەرچاو بکەوێت :

کوڕێکی گەنج،کە بێتاقەت ئەبوو هەر ڕۆژ ئەچوو لە دەرەوە دەگەڕا و ئەچووە بنی دارسێوێک، دار سێوەکەش عادەتی بەکوڕەکەکردبوو و هەمیشە بێتاقەت و چاوەڕوانی هاتنی کورەکەبوو کاتێک کوڕەکە دەهات بێتاقەتییەکەی تەواو ئەبوو وخۆشحاڵ ئەبوو کەسێک هاتووە بۆ لای و تەنیاییەکەی نەماوە کەسێک پێیدا هەڵئەزنێت و ئەیلەرێنێتەوەو لە سێوەکەی ئەخوات .

 

تا ئەم کوڕە گەنج بوو ئەو سێوەی هەر دەخوارد و دار سێویش پێی ئەدا و هاوڕێیەتی بەرقەرار بوو. 

 -ماوەیەکی پێچوو کوڕ نەما  دارسێو یەکجار بێتاقەت بوو  وتی: خوایە گیان دۆستەکەی من چی لێهات ؟!

ماوەیەکی پێچوو، دۆستەکەی هاتەوە بەڵام پەشێو و شەکەت و ماندوو! 

 -دارسێو لێی پرسی: ئەرێ ئەوە چییە؟! بۆ وات لێهاتووە؟!

 -وتی:کورە قوڕی دونیا بکە بەسەرمدا گەرەکمە ژن بخوازم و دەستم ناچێ و هەژاری و نەداری ڕووی تێکردووم بۆیە وا پەشێوو ماندووم!

 -وتی: دەی ئەوە خۆ خەم خواردنی ناوێت  من و هەموو ئەم دار سێوانەی هاوڕێم لەم باخەدا ئامادەین سێوەکەی خۆمان هەمووی بدەین بە تۆ  بیبە بیفرۆشەو کاری خۆتی پێ جێبەجێ بکە .

کوڕ بە خۆشحاڵییەوە سێوەکانی چنیەوەو فرۆشتی و ژیانی خێزانی پێکهێنا.

ماوەیەکی تری پێچوو کوڕ دیار نەبوو  کاتێک برسێتی و هەژاری و نەداری و بێ ماڵی زۆری بۆ هێنا دووبارە دڵتەنگی و بێ تاقەتی ڕووی تێکردەوە جا دەڵێن: نەداری قەرزی کۆنەو دۆستی دوور وڵات دەخاتەوە بیری مرۆڤـ.

 

دار سێو چاوی لێبوو دوای ماوەیەک کوڕەکە دیسان کەوتۆ‌تەوە بیریان و هاتۆتەوە بۆ لایان بە دڵخۆشی و دڵنەواییەوە سەلام و

 -پێشوازی لێکردو وتی:کاکە ماوەیەکە دیار نەبووی و چاوەڕوانت بووم بێیتەوە؟!

 -وتی: بەخوا...!  ئەوا هاتوومە‌تەوە بەڵام بە شەرمەزارییەوە ڕاستیەکەی دەست تەنگی ڕووی تێکردووم و ماڵ و خانووم نییە هاتووم بزانم ئەتوانن یارمەتیەکم بدەن یان نا؟!

 -وتی: بۆ ناتوانین  وەرە ئێمە ببڕەوەو لە لق وپۆکەمان تەختە دروست بکەو ماڵێک بۆ خۆت سازبکە.

ئەویش هەڕە "مشار"ی هێناو نیشتە باخە سێو و ماڵێکی لێ دروست کرد بۆخۆی.

ماوەیەکی زۆری پێچوو کابرا پیربوو پیری وایلێکرد نەتوانێت بیانووی منداڵەکانی بۆ داوای خەرج و باج جێبەجێ بکات  ئەوانیش بە ناسوپاسیەکەوە لەماڵ دەریان کرد.

دڵتەنگی ڕووی تێکرد و دووبارە کەوتەوە بیری دارسێو و چوو بۆ    -لای دارسێو ،کە چاوی پێکەوت وتی: ها کاکە تۆش وەکو من پیربووی؟! ئەوە چییە دڵتەنگی ؟!

 -وتی: چۆن دڵتەنگ نەبم ! هەموو شتێکم کرد و ئەوا لە ژیانی خۆشم بێ بەش بووم. چۆن دڵتەنگ نەبم ؟ ڕەنجم بەرباد و سامانیشم سارد !

 -دارسێو وتی: رۆڵەی شیرین و هاودەردم وەرە لەلام دانیشە با دڵتەنگیەکەت دەرچێت یان لانی کەم بەشی بکەین.

 -وتی:پیرە گیان تۆ نە سێبەر و نە میوەو نە لق هیچیانت نییە لە کوێت دانیشم؟!

 -وتی:دەی خۆ قۆترەیەکم ماوە  لە سەرم دانیشە یان پاڵم پێوە بدە!

 -بە شەرمەزارییەکەوە وتی: وەڵا راستەکەی!

 -جا بەدەم گریانەوە  وتی: بەو قۆترەوە کە ماوتە بەقەد دونیا  دڵخۆشم سەرم بەقوربانی سەرت چۆن لەسەرت دا دەنیشم؟! ئیتر دەمەوێت تێرتێر بتگرمە باوەشم.

ئەم داستانە خۆ دیارە خەیاڵە بەڵام لەگەڵ واقیعدا زۆر دوور نییە منداڵەکان دایک و باوکیان تا خواردنیان بوێت خواردنیان بۆ بەدەست دێنن، کەگەیشتنە کاتی هاوسەرگرتن سەروەتیان پێ ئەدەن و سامانیان بۆ تەئمین ئەکەن لەو لاشەوە ماڵی خۆیانیان بۆ جێ دەهێڵن و ماڵی خۆیانیان پێدەدەن بە بێ بەزەییەکی تەواوەوە کاتێک باوک و دایک وەک قۆترە دارێکیان لێهات لە جیاتی ئەوەی پاڵیان پێوە بدەن پاڵیان پێوە دەنێن ، پاڵی پێوە دەنێن لە ماڵی خۆیان بەرەو خانەی پیران.

بیربکەوە ‌ببینی ئەم کارە لە جگەرگۆشەی خۆت لەم کاتەدا چەندە ناشیرین ‌وجەرگبڕە! 

دایک و باوک  پشت و پەنان ئاگاداربە پاڵیان پێوەبدەی نەک پاڵیان پێوە بنێی.

 -داستانێکی تر ئەمە تەواو ئەکات:

پیاوێک هێشتا باوکی لە ماڵ دەر نەکردووەو  خەریکە لە ماڵدا بەخێوی دەکات بە شێوەیەکی ناشیرین سفرە و ژوری بۆ جیاکردۆ‌تەوەو ناهێڵێت بێتە سەرسفرەکەی خۆیان وا دەزانێت باوکی بە پیری بێتە سەر سفرەکەیان عەیبە نازانێت بەلاوی چەندە لەسەر ڕانی باوکی وەک کورسی دانیشتووەو وەک سفرە نانی خواردووەو وەک ئاو دەس ....

ڕۆژێک باوکی قاپێکی شووشەی لە دەست دەکەوێت و دەشکێت.

ژنەکەی ئەڵێت: ئەم باوکی تۆ دەمانخاتە سواڵکردن هەرچی شتە شکاندی.

 -ئەڵێت:چی پێبکەم ژنەکە؟!

 -ئەڵێت:کاسەو کەوچکی داری بۆ بکڕە با ئەگەر کەوتن نەشکێن.

پیاوەکە کاسەو کەوچکی دار بۆ باوکی ئەکڕێت بەڵام منداڵەکانی چاویان لەم ڕووداوەوە بووە ،کوڕێکی بچووکی هەیە کە زۆر دڵخۆشە بەباپیری و هەر باپیری کاتی بۆ دادەناو دەی لاوێنێت و کایەی لەگەڵ دەکات ئاخر باپیری بە دڵسۆزیەوە دەتوانێت تەنها دڵی پاکی منداڵەکە لەو ماڵەدا بلاوینێ.

منداڵی دڵپاک بە سۆزەوە ئەڕوات هەندێک تەختەودار دێنێت و لە تەنیشت باب و باپیریەوە بە تەوشێیەکەوە تێی بەر دەبێت.

 -باپیری ئەڵێت:ڕۆڵە گیان ئەوە خەریکی چیت ؟

 -ئەڵێت:باپیرە گیان ئەمەوێت کاسە و کەوچکی دارین بۆ هەموو میوانەکان دروست بکەم تا ئەوانیش ئیتر بێن لە لای تۆدا دانیشن و نان بخۆن کاسەو کەوچکێکی داریش بۆ باوکم و دایکم دروست ئەکەم تا پیربوون کاسەو کەوچکەکەی من نەشکێنن و ژنەکەم نەچێت بە گژیان دا باب و باپیرە واقیان وڕدەمێنێ!

ڕاستی نازانین بەرەکەتی ماڵ باپیر و داپیرەن؟! 

نازانین ڕێزگرتن لەوان منداڵەکانمان فێر ئەکات ڕێز لە خۆمان بگرن؟ 

نازانین لە پێش چاوی منداڵەکانمان بێ ڕێزی بە دایک و باوکمان بێ حورمەتییە بە خۆمان و منداڵەکانمانیان پێ فێر ئەکەین؟!

ئومێدەوارم داچڵەکابین باوک و دایکمان بەرەکەتی ماڵمانن.

باپیرەو داپیرەکانیش لەبیریان نەچێت تا جوانن بە دەستى پڕ دیاریەوە سەردانی بوک و زاواکانیان بکەن نەک لە کاتی نەخۆشیدا، تاڵ و توونی دایک و باوکی منداڵەکان، منداڵەکانیش فێری بێ حورمەتی بە داپیرەو باپیرەیان دەکات.

ئارەزوومە کۆمەڵگایەکی تەندروستمان هەبێت بە شێوەیەک کە داپیرە و باپیرە و کچ و کوڕ و نەوەو نەتیجەو نەبیرەو نەدیدە ڕێز سەرچاوەی ژیانیان بێت و ئیحترام و بەزەیی ڕەونەقی ژیانیان بێت.